سێ شه‌ممه‌ , حوزه‌یران 27 2017
دەستپێک / زانستەکان / بایۆتەکنەلۆجی / بایۆتەکنەلۆژی و جۆرەکانی

بایۆتەکنەلۆژی و جۆرەکانی

(Biotechnology) بایۆتەکنۆلۆژی

تەکنەلۆژیای ژیان یان زیندەسازی بە پێی بوارەکانی بەکارهێنان بە چەندین شێوە پێناسە کراوە ، بەڵام بە شێوەیەکی گشتی بەم شێویە پێناسە دەکرێت:

 ئەو تەکنیکەیە کە بەشێوەیەکی بنەڕەتی زیندەوەر یان بەشەکانی یان پێکهاتەکانی زیندەوەر بەکاردەهێنێت بۆ بەرهەمهێنان و گۆڕانکاری لە بەرهەمدا، بە ئامانجی باشترکردنی بەرهەمە ڕووەکی و ئاژەڵی و زیندەییەکان بۆ چەندین مەبەستی باش و بەسود بۆ بەکارهێنەران.

myhc_47110

ئەم زانستە لە ئێستادا بوارێکی فراوانی زانستە زیندەییەکانی(ژیان)ی داگیرکردووە و ڕۆژ لە دوای ڕۆژ لە بەرەوپێشچوونی بەردەوامدایە، بە ئامانجی پڕکردنەوەی پێداویستییە هەنووکەییەکانی مرۆڤ لە هەموو ڕووەکانەوە.

  ئەم زانستە فرە لایەنە و چەندین جۆری هەیە:

  جۆرەکانی بایۆتەکنۆلۆژی و ڕێگەکانی سوود وەرگرتن.

  1. بایۆتەکنۆلۆژی سوور (Red Biotechnology)

ئەم جۆرەی بایۆتەکنۆلۆژی تایبەتمەندە بۆ بواری پزیشکی و دەرمانسازی، و گرنگی تەواو ئەدات بە تەندروستی مرۆڤ .

گرنگترین دەستکەوتەکانی:

  • بەرهەمهێنانی (Antibiotics) لە مایکرۆئۆرگانیزمەکانەوە.
  • بەرهەمهێنانی چەندین جۆری ڤاکسین.
  • بەرهەمهێنانی ئەنسۆلین بۆ ئەو کەسانەی نەخۆشی شەکرەیان هەیە.
  • چارەسەری نەخۆشی یە بۆماوەییەکان بە گواستنەوە و گۆڕانکاری لە جینەکانی زیندەوەردا.
  • چاندنی ئەندامی نوێ لە لەشدا بە سود وەرگرتن لە ئەندامەکانی کەسی نەخۆش بێ ئەوەی پەنا ببرێتەبەر ئەندامی کەسانی تر.
  • شیکاری DNA ، کە بوارێکی گرنگی ئەم سەردەمەیە و بە زۆری لە دادگەریدا بەکار دەهێنرێت.
  • ڕێگریکردن لە گواستنەوەی نەخۆشیە بۆماوەییەکان لە دوای هاوسەرگیری، بە ئەنجامدانی شیکاری DNA ژن و مێردەکە.

78154799-Copy-1024x768

2. بایۆتەکنۆلۆژی سەوز (Green Biotechnology)

ئەم جۆرەی بایۆتەکنۆلۆژی گرنگی دەدات بە بواری کشتوکاڵ و چاکسازی لە بەرهەمە کشتوکاڵی و خۆراکییەکان بە پێی پێداویستی و بەکارهێنانی مرۆڤ.

گرنگترین دەستکەوتەکانی ئەم بوارە تا ئێستا:

  • بەرهەمهێنانی جۆرێک لە بەروبووم کە بەهای خۆراکی بەرزی هەیە لە توخمەکانی (ڤیتامینەکان، پرۆتینات، شەکر،چەوری).
  • بەرهەمهێنانی ڕووەک کە توانای بەرگری هەیە دژی نەخۆشی و مێروو کە توشی ڕووەکەکە ئەبێت. لەجیاتی بەکارهێنانی مێروو کوژ(قڕکەری کیمیاوی) کە ئەمەیان لە دوایدا ژەهرەکەی زیان بە مرۆڤ و ژینگە دەگەیەنێت.
  • بەرهەمهێنانی جۆرە ڕووەکێک کە توانای مانەوە و بەرگری هەیە لە کەشوهەوای نا لەباردا وەک (بەرزبوونەوەی پلەی گەرمی، ووشکەساڵی، هتد).
  • خستنەڕووی بەروبومێکی زۆر لە ماوەیەکی کەمدا کە بە ڕێگەی ئاسای کاتی زۆری ئەوێت بۆ بەرهەمهێنانی،وە یارمەتیدەرە بۆ کەمکردنەوەی هەڵئاوسان لە نرخی بەرهەمە خۆراکیەکاند لە بازاڕدا.
  • بەرهەمهێنانی قڕکەری زیندەیی (Bio-pesticide) لە سەرچاوەی سروشتی نا کیمیایی کە زیانی نیە بۆ مرۆڤ و ژینگە.
  • بەرهەمهێنانی پەین لە جۆری (Organic) و (Bio-fertilizes)  لە سەرچاوەی سروشتی بێ زیان بۆ ژینگەو مرۆڤ.
  • بەرهەمهێنانی چەندین جۆری نوێی بەروبووم بە مەبەستی کەمکردنەوەی قەیرانی برسییەتی لە وولاتە هەژارەکاندا وەک( Golden rice) برنجی ئاڵتونی.
  • باشترکردنی جۆرو تام و بۆن و بەرامی چەندین خۆراک کە لەلایەن مرۆڤەوە ویستراوە.

templatemo_carousel_bg3_700

3.  بایۆتەکنۆلۆژی سپی (White Biotechnology) 

بایۆتەکنۆلۆژی سپی یەکێکە لە گرنگترین جۆرەکانی بایۆتەکنۆلۆژی کە لە ووڵاتە پێشکەوتووەکاندا بە شیوەیەکی بەربڵاو بەکاردەهێنرێت، تایبەتە بە بواری پیشەسازی.

گرنگترین دەستکەوتەکانی :

  • بەکارهێنانی زیندەوەر بۆ بەرهەمهێنانی ماددەی کیمیایی بە ڕێگەی زیندەیی لە جیاتی ڕیگەی دەستکرد کە هۆکارە بۆ پێسبوون.
  • دروستکردنی دەرمانی چارەسەری زیندەیی (Bio-pharmaceuticals) بۆ زۆرێک لە نەخۆشیەکان وەک بەرهەمهینانی ڤیتامینەکان.
  • بەرهەمهێنانی جۆرێکی پلاستیکی هاوڕیی ژینگە کە توانای شیبونەوەی ئەندامی هەیە واتە دوای فڕێدان لە ژینگەدا ئەتوێتەوە.
  • بەرهەمهێنانی ماددە لکێنەرەکان لە سەرچاوەی ڕووەکی، وە پێشبینی دەکرێت ببێتە جێگرەوەی ماددە لکێنەرەکانی تر کە ژەهراوین و سەرچاوەی پیس بوونی ژینگەن.
  • بەرهەمهێنانی پاککەرەوەکان لە سەرچاوەی ڕووەکی بێ کیمیایی، ئەم پاککەرەوانە توانایەکی بەرزیان هەیە لە پاکردنەوەدا.
  • بەرهەمهێنانی (Bio-Polymer ) کە بەکاردەبرێت لە دروستکردنی (شانە، قوماش، کەلوپەلی ناوماڵ).

ID49103_419555_12958

4. بایۆتەکنۆلۆژی شین (Blue Biotechnology)

گرنگی ئەدات بە سەرچاوە ئاوییەکان وەک (زەریا و دەریا و  ڕووبارەکان، هتد ) کە سەرچاوەی گرنگی ژیانن لەسەر زەوی.

لە گرنگترین دەستکەوتەکانی :

  • لێکۆڵینەوە لە پێکهاتەی زیندەیی (زیندەوەری) زیندەوەرە ئاوییەکان لە زەریاو دەریاو ڕووبارەکاندا.
  • لێکۆڵینەوە لە چۆنیەتی پێشخستن و گەشەپێدانی زیندەوەرە دەریاییەکان و سازاندنیان لە ژینگە جیاوازەکاندا.
  • لێکۆڵینەوە لە سەرچاوەی پیس بوون و کاریگەری جۆرەکانی پیس بوون  کە ئەبێتەهۆی زیان گەیاندن بە زیندەوەرە دەریاییەکان بە هەموو جۆرەکانیانەوە.
  • بەرهەمهێنانی چەندین جۆری ماددەی (ئەندامی، سروشتی) کە بۆ لەناوبردنی جۆرەکانی پیس بوونی دەریایی بەکاردەهێنرێت.

reef

5.بایۆتەکنۆلۆژی ژینگەیی (Environmental Biotechnology)

ئەم جۆرەی بایۆتەکنەلۆژی گرنگی تەواو ئەدات بە ژینگە و سەرچاوەی پیس بوون و پاکردنەوەی بۆ ژینگەیەکی تەندروست.

گرنگترین دەستکەوتەکانی تا ئێستا :
  • بەرهەمهێنانی ماددەی کارا (چالاکەکان)(Active substances) بە بەکارهێنانی زیندەوەر بۆ ڕزگاربوون لە پیس بوونی خاک و ئاو( Bio-remediation ).
  • بەرهەمهێنانی ماددە چالاکەکان بۆ کەمکردنەوەی دیاردەی پیس بوونی خۆراکی و دیاردەی مەینی توێژاڵی سەرەوەی دەریاکان (Eutrophication ) کە بەشیوەیەکی زۆر لە ئەنجامی پیس بوونی ڕووبارەکان و دەریاو زەریاکانەوە ڕووئەدات ،بە زیادبوونی خەستی ئاوێتە نایترۆجینی و فۆسفۆڕییەکان لەگەڵ ئاوی ئاوەڕۆ و ماددە پیشەسازییەکان هەڵگیراوە و ئەبێتەهۆی گەشەکردنی قەوزەو ڕووەکەهەڵواسراوەکان بە شێوەیەکی چڕ.
  • بەرهەمهێنانی سوتەمەنی و غاز (Bio-fuels) کە بەشیوەی ئەندامی بەرهەمهێنراوە بۆ دروستکردنی وزەی خاوێن.
  • بەرهەمهێنانی (Bio-indicator )ی دروستکراو لە ماددەی ئەندامی.
  • دۆزینەوەی (Bio-assays) کە یارمەتیدەرە لە ناسینەوەی زۆرێک لە کردار و چالاکیە زیندەییەکان.
  • بەرهەمهێنانی ماددەی کارایی زیندەیی کە هەڵدەستێت بە لەناوبردن یان چارەسەرکردنی پاشماوە بایۆلۆجیەکان (Bio waste treatment) وەک لە چارەسەری پاشماوەی ئاوەڕۆکاندا بە شیوەیەکی تەندروست بی ئەوەی کاریگەری خراپی هەبێت لەسەر ژینگە.

oil-floating-on-water

تێبینی: بایۆتەکنەلۆژی بەردەوام لە پێشکەوتنی خێرادایە بۆیە هەندێ زانیاری لەوانەیە گۆڕانکاری بەسەردا بێت لە ئایندەدا.

بابەتی پەیوەندیدار

(Ebola Outbreak Disease) نەخۆشی پەتای ئیبۆلا

نەخۆشی ڤایرۆسی ئیبۆلا ڤایرۆسی ئیبۆلا ڤایرۆسێکی کوشندەیە، کە بۆ یەکەمجار لە( کۆماری کۆنگۆی دیمکورات)دەرکەوت لە ساڵی …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *